تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە
شاری مەشهەد بە خاک سپێردرا؛ و بە هۆی تەقە لە بەشداربووانی ئەو رێورەسمە دوو کەس
کوژران. ئەمەش دوای رێوڕەسمێکی هەفتەیی کە چەندین شاری ئێران و عێراقی گرتەوە و تێیدا
موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکە بە شێوەیەکی گشتی دەرنەکەوت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ١٠ی تەموز تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری
پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەزارگەی "ئیمام رەزا" لە شاری مەشهەد،
کە زێدی خۆیەتی، بە خاک سپێردرا. بە پێی راگەیەندراوێک کە لە هەژماری فەرمی خامنەیی
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاوکراوەتەوە،
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە بە شێوەیەکی تایبەت و تەنیا بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی
بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای پرسەیەکی جەماوەری کە چەند رۆژی خایاند و خەڵکێکی زۆر تێیدا
بەشداربوون.
ئەوەی جێی سەرنج بوو، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران،
لە کاتی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکیدا بە شێوەیەکی گشتی و لەبەردەم کامێراکان دەرنەکەوت.
بەربەیانی ئەمڕۆ هەینی لە دوایین ساتەکانی رێوڕەسمی بە
خاکسپاردنی تەرمی رێبەری پێشووی ئێران لە مەشهەد، لە بازگەیەک تەقە لە بەشداربووان
کرا. جێگری پارێزگاری خوڕاسانی رەزەوی دەڵێت، دوو کەس لە رووداوەکەدا کوژراون.
رۆژی پێنجشەممە، رێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردن کە ماوەی یەک هەفتەی
خایاند، کۆتاییان هات. ئەم رێوڕەسمانە چەندین وێستگەی جیاوازیان بەخۆوە بینی، لەوانە
پێشوازیکردن لە شاندە بیانییەکان لە تاران، کردنەوەی "مزگەوتی ئیمام خومەینی"
بۆ هاوخەمان، نوێژی مردوو و رێوڕەسمی سەرەکی لە تاران، لەگەڵ رێوڕەسمی ئایینی لە
شاری قوم.
هەروەها لە چوارچێوەی رێوڕەسمەکاندا، تەرمی خامنەیی گواسترایەوە
بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا لە عێراق بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئایینی و سەردانی مەزارگە
پیرۆزەکان، بەرلەوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران و لە مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد،
دوایین مەنزڵگەی تێدا جێگیر بکرێت.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ساڵی ١٩٣٩ لە مەشهەد
لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٨٩ بووە بە رێبەری ئێران، لە تەمەنی ٨٦ ساڵی، لە ئەنجامی
بۆردومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦
کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا.