ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگریی دابووە ئەمریکا سەبارەت بە پیلانێکی گوماناوی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش بووەتە هۆی توندبوونی هەڵوێستی واشنتن و دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی دوو شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەردەوام پاڵپشتی لە کردەوەی سەربازی دژی ئێران دەکات، لە کاتێکدا ترەمپ پێشتر لە ترسی کاردانەوە ئابوورییەکان ڕێگەی دیپلۆماسی پێ باشتر بوو.
هاوکات ئەمڕۆ هەینی، کەنالی (کان)ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی تەلئەبیب چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ترەمپن بۆ ئەوەی بە فەرمی بچنە پاڵ هێرشەکانی ئەمریکا و بە تەواوی هێزەوە شەڕەکە دەستپێبکەنەوە.
لە بەرامبەردا، ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"یش ئارەزووی ئیسرائیلی بۆ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە هێرشەکانی داهاتوودا پشتڕاستکردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ئاشکرای کردووە کە وڵاتانی پاکستان و قەتەر وەک ناوبژیوان لە هەوڵێکی چڕدان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران.