ئێران شەش وڵاتی عەرەبی بۆردومان دەکات و سێنتکۆمیش ١٤٠ ئامانج لە ناوخۆی ئێران دەپێکێت

دۆخی ئەمنیی ناوچەکە گەیشتووەتە لووتکەی گرژی دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا گەورەترین و توندترین هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆیان گۆڕییەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە بە شەپۆلێک موشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە شەش وڵاتی ناوچەکە (ئیمارات، قەتەر، کوەیت، بەحرەین، ئوردن و عومان) کردووەتە ئامانج:

لە ئوردن: سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە بنکەی ئاسمانیی "شازادە حەسەن"یان بە مووشەکی بالیستی پێکاوە و ناوەندی فەرماندەیی و هۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری MQ-9یان تێکشکاندووە.

لە کوەیت: ئێران دەڵێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سیستمی بەرگریی پاتریۆت و کۆگایەکی تەقەمەنی هێزەکانی ئەمریکای پێکاوە.

لە قەتەر: بنکەی ئاسمانیی "عەدید" (Al Udeid) کە گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لە ناوچەکە، لە خولی دووەمی هێرشەکاندا کراوەتە ئامانج، بەتایبەت ناوەندی چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکان.

لە عومان: بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، هێرشێکی کوتوپڕ کراوەتە سەر سەکۆکانی سووتەمەنی و پاڵپشتی لۆجیستی فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە بەندەری "دوقم".

ئیمارات و بەحرەین: سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیمارات چەندین موشەک و درۆنی لە ئاسماندا تەقاندووەتەوە و لە بەحرێنیش زەنگی مەترسی لێدراوە.

وەڵامدانەوەی سێنتکۆم و بۆردومانکردنی ناوخۆی ئێران:

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و پێگەکانی ئەمریکا، سێیەمین خولی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانیان بۆ سەر ناوخۆی ئێران کۆتایی پێهێناوە.

سێنتکۆم ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، درۆن و کەشتی جەنگی، نزیکەی ١٤٠ ئامانجی سەربازیی کتوپڕیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، دەنگی تەقینەوە لە چەندین شاری بەندەری و کەناراوەکانی باشووری ئێران بیستراوە، لەوانە: (بەندەر عەباس، چابەهار، جاسک، عەسەلوویە، و بەندەر دایر).

ئامانجە پێکراوەکانی ناو ئێران پێکهاتبوون لە:

پێگە و سەکۆکانی هاوێشتنی موشەک و درۆن.

کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و تۆڕەکانی پەیوەندی سەربازی.

بنکەکانی چاودێری کەناراوەکان و هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنها لەم هەفتەیەدا و لە ماوەی سێ شەوی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠٠ ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە بۆ تێکشکاندنی توانای هێرشبەریی تاران لە ناوچەکەدا.

ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.




AM:08:57:12/07/2026