وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یەسرائیل کاتز لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا زانیاری نوێ سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ دووبارە هێرشکردنە سەر ئێران ئاشکرا دەکات و باس لەوە دەکات لە هەر کات و ساتێکدا بێت ئەوان بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادەن.
یەک شەممە، ١٢ تەمووز ٢٠٢٦، یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوەکرد سوپای وڵاتەکەی فەرمانی راستەوخۆی لەلایەن سەرۆک وەزیران و خودی وەزیری بەرگرییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەربەخۆی ئیسرائیلی لەناو خاکی ئێران ئامادە بکات بەبێ بەشداریی ئەمریکا.
"سوپاکەمان ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و ئێستا تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی"، یەسرائیل کاتز وا دەڵێت.
لە ٢٨ شوباتی ٢٠٢٦، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی و سەربازییان دژی ئێران دەستپێکرد و ئێرانیش وەڵامی دایەوە، ئەگەرچی ئێستا ئاگربەست جەنگەکەی راگرتوە، بەڵام ناوبەناو هێرشی کاتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە.