میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند'' ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شار و دوورگەکانی باشووری ئێران بیستراوە و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.''
ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە و فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە کە شەوی ڕابردوو هێرشیان کردووەتە سەر ١٤٠ ئامانجی سەربازی لە ناو خاکی ئێراندا.
دەوروبەری کاژێر ٠٧:٠٠ـی شەوی یەکشەممە بە کاتی تاران، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی بەندەرعەباس، حاجی ئاباد، بەندەری لنگە و دوورگەکانی فارور و قیشم بیستراون.
حوسێن ئەمیرتەیمووری، قایمقامی دوورگەی قیشم ڕایگەیاند'' دوورگەکەیان لە تەنگەی هورمز بە ١٠ بۆ ١١ مووشەک کراوەتە ئامانج. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج پێگەی سەربازین، بەڵام هێرشەکە زیانی نەبووە.''
هاوکات ئاژانسی "ئیرنا" بڵاویکردەوە'' هێرش کراوەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی بەندەرعەباس، بەندەری لنگە و حاجی ئاباد، و ئاشکرای کرد کە لە هێرشەکەی سەر دوورگەی فاروردا، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.''
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندین پێگەیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا کردە ئامانج. ئاژانسی هەواڵی "فارس نیوز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری سەربازیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتی کوێت، سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون.