لە چەند کاتژمێری رابردوو شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران
بەردەوام بووە و سێنتکۆم رایدەگەیەنێت چەندین ناوەندی لە باشوری ئێران کردوەتە
ئامانج. سوپای پاسدارانیش چەندین هێرشی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە راگەیاند.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، قۆناغێکی نوێی هێرشە هێرشبەرییەکانی بۆ سەر ئێران بە کۆتا
هێناوە. لەم هێرشانەدا بە دەیان ئامانج لە چەندین خاڵی جیاواز بە تەقەمەنی و موشەکی
پێشکەوتووی وردپێک کراونەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی،
کەشتییگەلی دەریایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئاسمانی و بۆ یەکەمجاریش بە بەکارهێنانی
درۆنی خۆکوژی دەریایی ئەنجامدراون. ئامانجەکانیش پێکهاتوون لە: سیستمەکانی بەرگری
ئاسمانی، ڕادارە کەنارییەکان، توانای موشەکی و درۆنی، و بەلەمی بچووکی سەربازیی ئێران.
سێنتکۆم دەڵێت ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە کەمکردنەوەی توانای ئێران بووە بۆ بەردەوامبوون
لە هێرشەکانی سەر کەشتیڕانی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی حیاتی
بازرگانی جیهانییە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "فارس" ئێرانی ڕایگەیاند
کە هێرشێکی بەرفراوانی موشەکی و درۆنی لە بنکەکانی هاوێشتنی موشەک لە ڕۆژاوا و ناوەڕاستی
ئێرانەوە بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە لە ئارادایە. هاوکات هاووڵاتیان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆی هاوێشتنی موشەکیان لە ناوچەکانی (خەمین و ئەلیگوودەرز)
بڵاوکردووەتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەم هێرشانەدا
توانیویەتی ئەم شوێنانە بپێکێت:
مەخزەنەکانی سووتەمەنی و کۆگای تەقەمەنی ئەمریکا لە ئوردن.
سەنتەری فەرماندەیی و کۆنترۆڵی درۆن لە بەحرەین.
مەخزەنەکانی سووتەمەنی و سیستمی بەرگری پاتریۆت لە کوێت.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ڕایگەیاند کە زەنگی ئاگادارکردنەوەی
هێرشی ئاسمانی لە وڵاتەکە چالاککراوە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە تەنها لە کاتی
زۆر پێویستدا نەیەنە سەر شەقامە سەرەکییەکان.
هاوکات پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا
بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر سەنتەرە گرنگەکانی
چاککردنەوەی هێلیکۆپتەر، هانگەری فڕۆکەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی لە جۆری (P-8)، و سەنتەری فەرماندەیی درۆنەکان لە بنکەی سەربازی
ئەمریکا لە "شێخ عیسا" لە بەحرەین.
ماڵپەڕی نوورنیوز ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی
شەپۆلی یەکەمی هێرشەکانی ئێران، تەقینەوەی توند لە ئوردن بیستراوە. ئاژانسی فارسیش
ڕایگەیاندووە کە بنکەی ئاسمانی "موەفەق سەڵتی" لە ئوردن یەکێک بووە لە
ئامانجەکان. بەرپرسێکی سەربازی بە نوورنیوزی ڕاگەیاندووە کە ئامانجەکان دوای چاودێریکردنی
جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا دەستنیشان کراون.
لەلایەکی دیکەوە، هێزە چەکدارەکانی کوێت ڕایانگەیاند کە
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنداو، هێزەکانیان
لە ڕێگەی بەرگری ئاسمانییەوە خەریکی بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی "ئامانجی
ئاسمانی دوژمنکارانە"ن لە ئاسمانی کوێتدا.