بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ١٩ کەشتیی جەنگی
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەمارۆدانی ئێران جێگیر کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی تەموز، ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لە زاری ئەو بەرپرسە
ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئەم هەنگاوە توانایەکی گەورەی ئاگرین و ئامادەییەکی سەربازیی
بەرفراوان دەداتە واشنتۆن بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژ بە ئێران.
ئەم بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە کە
زۆربەی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە باکووری دەریای عەرەب جێگیرکراون.
ئەم هێزە دەریاییە پێکهاتووە لە ٢ فڕۆکەهەڵگری «یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن»
و «یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بۆش»، ١٣ تێکشکێنەر، کەشتییەکی هێرشبەری ئاویوشکانی،
کەشتییەکی جەنگیی گەورە و ٢ کەشتیی ئاوی وشکانی تر.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، زۆریی ژمارەی تێکشکێنەرەکان توانایەکی بەرچاو بۆ
جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و پاراستنی ئامادەیی سەربازیی بەهێزی ئەمریکا
لە ناوچەکەدا دەستەبەر دەکات.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان نەکراوە، چونکە هێزی دەریایی
ئەمریکا بە شێوەیەکی ئاسایی شوێنی جێگیربوونی ئەوان ڕاناگەیەنێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست، گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لە سەعات ١٦:٠٠ی
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی تەموز) بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەست
پێدەکاتەوە، و هەر کەشتییەک بکاتە ئامانج کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران بەڕێوە بێت یان
لێیان بچێتە دەرەوە.
لە خولی پێشووی جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆیەدا، هێزی دەریایی ئەمریکا زیاتر لە
١٤٠ کەشتیی بازرگانی ڕاگرت یان ناچاری کردن بگەڕێنەوە، دوای ئەوەی ٩ کەشتیش ڕەتیانکردەوە
فەرمانەکان جێبەجێ بکەن، هێزەکانی ئەمریکا تەقەیان لە ژووری بزوێنەرەکانیان کرد بۆ
ئەوەی لەکار بکەون.
لە کاتێکدا تاران داوای وەرگرتنی باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز دەکات، ترەمپ
ڕایگەیاندووە کە بەنیازی وەرگرتنی بڕی ٢٠٪ی بەهای هەر بارێکە لە بەرامبەر پاراستنی
ئەم ئاوڕێیەدا؛ ئەم هەنگاوەش لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ناگونجێت کە ئازادیی کەشتیوانی
مسۆگەر دەکەن.
پێش دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتدا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی پێداویستیی نەوت
و گازی ڕۆژانەی جیهان لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبوو، کە تێیدا زیاتر لە ١٥ ملیۆن
بەرمیل سووتەمەنی بە بەهای لانیکەم ١.٢ ملیار دۆلار لە ڕێگەی ئەم ئاوڕێیەوە ڕەوانەی
بازاڕەکانی جیهان دەکرا.
هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە کۆتا شەپۆلی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ئێران کۆتایی
پێهێنا، کە بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک و بۆ ماوەی ٥ سەعات بەردەوام بوو.
لەم نێوەندەدا، ترەمپ جارێکی تر کۆنترۆڵی بەسەر هاتوچۆی ئەو کەشتیانەدا سەپاندەوە
کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، و پێشنیازی وەرگرتنی ٢٠٪ باجی بۆ پاراستنی گەرووی
هورمز هێنایە ئاراوە.
تڕەمپ هۆشداری دا کە هێزەکانی ئەمریکا لە سەعاتەکانی داهاتوودا جارێکی تر و
«بە هێزێکی زۆر گەورەوە» ئێران دەکەنە ئامانج.