دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توند لە تاران دەکات
و رایگەیاند ئەگەر ئێران نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێکەوتن واژۆ نەکات، وێستگەکانی
کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە وێران دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی
"فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئەگەر تاران رێکەوتن واژۆ نەکات، لە هەفتەی
داهاتووەوە هێرشەکان وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیش دەگرێتەوە. ترەمپ وتی:
"هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت، چونکە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان
دەکرێنە ئامانج. هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان تێکدەدەین مەگەر بگەڕێنەوە
بۆ سەر مێزی دانوستان."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا رۆژی سێشەممە گفتوگۆی لەگەڵ
ئێران هەبووە و داوای لێکردوون رێکەوتن بکەن. جەختیشی کردەوە: "ئێران هێشتا
هەندێک توانای شەڕکردنی ماوە بەڵام زۆر نییە، هێرشەکانیش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبن
کە من بڕیار دەدەم بەسە."
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)
رایگەیاند، هێزەکانیان بۆردومانی چەندین پێگەی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران کردووە
بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی دروست بوون. میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش پشتڕاستیان
کردەوە کە چەندین مووشەکی ئەمریکی بەر ئامانجێک لە دوورگەی "قیشم" لە گەرووی
هورمز کەوتوون، بەڵام وردەکاری زیانی هێرشەکەیان بڵاونەکردەوە.