لە راپۆرتی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە جیهاندا رەخنەی توند لە سیستەمی ئێستای جیهانی دەگرێت و ئاماژە بەوە کراوە، دەوڵەتە بەهێزەکان خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەن کە لەسەر بنەمای یاسا دامەزراوە.
ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٦ی دۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن ڕێکخراوی سیڤیکەس، هاوپەیمانێتی جیهانیی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بڵاوكرایەوە، هاتووە " دەربازبوون لە سزا لە ململانێکاندا لە غەزەوە تا سودان بۆتە کارێکی ئاسایی و، تەوەرێک لە سەرمایەدارانی خاوەن پشکی بواری تەکنەلۆژیا و سەرکردە دیکتاتۆرەکان هێزی هێڵەکانی ئینتەرنێتی خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکەر و توندکردنی چاودێری بەکاردێنن".
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە بڕینی بودجەی دامەزراوە فرەلایەنەکان، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد وەک چەک، و ڕێگریی بەمەبەست لە چالاکییەکانی کەشوهەوا، قەیرانی دابڕاو نین، بەڵکو لایەنە گرێدراوەکانی قۆناغێکی سیاسین کە تێیدا بژاردە دەسەڵاتدارەکان خەریکی بەهێزکردنی هەژموونی خۆیانن لەسەر حسابی مافەکانی مرۆڤ.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەوانەی قورسترین زەبریان بەردەکەوێت، ئەو خەڵکانەن کە پێشتریش کەمترین دەستڕاگەیشتنیان بە مافەکان هەبووە.
لە بارەی ناڕەزایەتی و رەتکردنەوەی ئەو واقیعە سەپێنراوە، هاتووە "سەرباری ئەمەش، بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرانبەر ئەم هێرشەدا لە هەڵکشاندایە و، ئەم ڕاپۆرتە ڕەهەند و هێزی ئەو بەرگرییە دۆکیۆمێنت دەکات. خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا ئازایەتی هەڵدەبژێرن لەبری ملکەچبوون. نەوەیەکی نوێ هەڵدەستێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن. داکۆکیکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆکردنەوەی بەڵگەکان و ململانێ یاساییەکان هاوسەنگییەکە لە بەرانبەر پاشەکشەدا ڕادەگرن و سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، ئەمەش بەهای چالاکیی بەکۆمەڵی بەردەوام دەسەلمێنێت. لە سەردەمێکدا کە بێئومێدی تێدا دروست دەکرێت، ئەم ڕاپۆرتە بەڵگە بۆ گرنگیی بەرگری و خۆڕاگری دەهێنێتەوە".
ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٦ی دۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن ڕێکخراوی سیڤیکەس، هاوپەیمانێتی جیهانی کۆمەڵگەی مەدەنی بڵاوكرایەوە. ڕاپۆرتی ئەمساڵ، کە ١٥هەمین ڕاپۆرتە لە زنجیرە ڕاپۆرتە ساڵانەییەکانماندا، چاوێک بە ساڵی ٢٠٢٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ دا دەخشێنێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئاڕاستە و گۆڕانکارییەکانی ناو چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرجەم ئاست و کایەکاندا؛ لە کاردانەوەکان بەرانبەر بە ململانێکان و تێکۆشان لە پێناو دیموکراسی، گشتگیری و دادپەروەریی کەشوهەوادا، تا دەگاتە داواکارییەکان بۆ حوکمرانییەکی جیهانیی بەهێزتر.
ئەم ڕاپۆرتە پشت بە دەستپێشخەریی شیکاری و لێکدانەوەی بەردەواممان دەبەستێت کە بە "هاوێنەی سیڤیکەس" ناسراوە و، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دەنگی ئەو لایەنە مەدەنییانەوە وەرگیراوە کە کاریگەر بوون بە کێشە و ئاڵێنگارییە گەورەکانی ئەمڕۆ و وەڵامدەرەوەی بوون.
ڕاپۆرتەکە ڕەنگدانەوەی زیاتر لە ٢٥٠ چاوپێکەوتن و ١٠٠ وتاری بڵاوکراوەی سیڤیکوسە کە نزیکەی ١٠٠ وڵات و هەرێم دەگرێتەوە.