دۆناڵد ترەمپ: بەم زوانە شکست بە ئێران دەهێنین


سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە هەنگاوە نوێیەکانیان دژی ئێران ئاشکرا دەکات و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت "تەواوی سەرنجمان لەسەر بەرگریە".

دۆناڵد ترەمپ، چوار شەممە، ١٥ تەمووز ٢٠٢٦، رایگەیاند "ئیدارەکەم تاوتوێی بارودۆخەکە و میکانیزمی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر دەکات، ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، بۆیە ئێمە دەرفەتەکان هەڵدەسەنگێنین، بەبێ ئەوەی کاتی دیاریکراو یان وردەکاری کۆبوونەوەکان ئاشکرا بکات".

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر دیموکراتەکان و بەوە تۆمەتباری کردن کە "سیاسەت نازانن و تەنها بەڵێنی بێکردار دەدەن"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەکەی توانیویەتی ئابووری ئەمریکا ببوژێنێتەوە و رێژەی هەڵئاوسان بە رێژەی ٪٢٥ کەم بکاتەوە.

لە کۆتای قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان کردەوە و وتی "بەرهەمهێنانی موشەک و سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکان زیاد دەکرێن، سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەردەگرین بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کوالیتی بەرز بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بگەیەنین".

لە لایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "وڵاتەکەم هیچ بەرنامەیەکی بۆ دانوستان نییە و تەواوی سەرنجمان لەسەر پرسی بەرگرییە"،  هۆشداریشی دا هێزە چەکدارەکانی ئێران وڵامی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان دەدەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی رێکەوتنیان لەگەڵ ئەمریکا جەختی لە "پرەنسیپی بەڵێن بەرامبەر بەڵێن کردەوە و ئێران تەنیا تا ئەو کاتە پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت کە لایەنی بەرامبەریش پابەند بێت؛ هەر کاتێک ئەوان رێککەوتنەکان پێشێل بکەن، ئێمەش جێبەجێکردنی پابەندییەکانمان رادەگرین".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ (چوار شەممە)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کاتژمێر٣:٠٠ پاشنیوەڕۆ بەکاتی واشنتن، هێزەکانیان دەستیان بە ئەنجامدانی دووەم شەپۆلی هێرشەکان کرد بۆ سەر بنکە و توانستە سەربازییەکانی ئێران.

 




AM:12:51:16/07/2026