وتەبێژی سوپای ئێران وڵاتانی کەنداو بە پاڵپشتی لە ئەمریکا
تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: ''با بزانن کە پێدانی بنکەی سەربازی بە ئەمریکییەکان بۆ هێرشکردنە
سەر وڵاتەکەمان بێ وەڵام نامێنێتەوە.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی تەموز، محەمەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی
سوپای ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد و رایگەیاند، ئەوان
پاڵپشتی لە هێرشەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی.
بەوتەی ئەکرەمی نیا، وڵاتانی کەنداو رێگەیان بە سوپای ئەمریکا
داوە، لە خاکی ئەوانەوە هێرش بکاتە سەر ئێران و ئەوە بە ''قبووڵنەکراو'' دەزانێت.
وتەبێژی سوپای ئێران هۆشداری دەدات: ''دراوسێکانی ئێران با
بزانن کە پێدانی بنکەی سەربازی بە ئەمریکییەکان و رێگەدان بە هێرشکردنە سەر ئێران
لە خاکی ئەوانەوە، بێ وەڵام نامێنێتەوە.''
ناوبراو وڵاتانی کەنداو تۆمەتبار دەکات کە دژی ئێران چەک لە
ئەمریکا دەکڕن و بەشێک لە خاکەکەکانیان بۆ بنکەکانی سەربازیی ئەمریکا تەرخان کردووە،
''ئەوەش نابێتە هۆی دروستکردنی ئاسایش بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ئەو ئاسایشەی لە ئەمریکاوە
هاوردەی دەکەن، هەمیشەیی نابێت.''
لە بەشێک لە هۆشدارییەکانیدا، وتەبێژی سوپای ئێران ئاماژەی
بە تەنگەی هورمز کرد و وتی: ''تاوەکو ئەمریکا سیستمی یاسایی ئێران قبووڵ نەکات، رێڕەوە
ئاوییەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.''
هەرچەندە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا، لە نێوان شاندەکانی
دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا بەنێوەندگیری پاکستان و قەتەر، لە سویسرا یاداشتی لێتێگەیشتن
بۆ ٦٠ رۆژ و راگرتنی جەنگ و زەمینەسازی بۆ رێککەوتن واژۆکرابوو، بەڵام لە بەرەبەیانی
یەکشەممەی رابردووەوە پابەندبوون بە یاداشتنامە واژۆکراوە، شکستی هێناو هێزی
ئاسمانی ئەمریکا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردەوە، هۆکاری هێرشەکانیشیان گەڕاندووەتەوە
بۆ ئەوەی هێزەکانی ئێران پابەندنەبوون و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتیە بازرگانیانەی
بەنیازبوون گەرووی هورمز تێپەڕێنن.