سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران
بە فەرمی داوای لە گروپی حوسییەکانی یەمەن کردووە لە ئامادەباشییدا بن بۆ داخستنی
گەرووی ستراتیژیی "بابولمەندەب" لە دەریای سووردا.
ئەم بڕیارە ئاستی گرژییەکانی
نێوان تاران و واشنتن دەگەیەنێتە لوتکە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی
ئاوە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی چەند
سەرچاوەیەکی باڵای ناوخۆیی لە ئێران و لایەنێکی ئاگەدار لە ناوچەکەدا، ئەم پێشنیارە
و پلانە جەنگییە لە ناو بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی تاراندا تاوتوێ کراوە و دواتر
فەرمانەکە گەیەندراوەتە حووسییەکانی یەمەن، بۆ ئەوەی ئەگەر ململانێکان لەگەڵ ئەمریکادا
پەرەی سەند و هێرش کرایە سەر کەرتی غاز و نەوتی ئێران، دەستبەجێ گەرووی بابولمەندەب
بە ڕووی کەشتییەکاندا دابخەن.
ئەمەش نیشانەی
توندبوونەوەی هاوئاهەنگییە سەربازییەکانی نێوان بەرەی مقاوەمە و تارانە لە ناوچەکەدا.
گەرووی بابولمەندەب کە
بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین ڕێڕەوە دەریایییەکانی گواستنەوەی کاڵا و وزە لەسەر
ئاستی جیهان دادەنرێت، داخستنی دەبێتە هۆی کارەساتێکی گەورە لە دابینکردنی سووتەمەنی
و پەککەوتنی تەواوی پڕۆسەی بازرگانیی دەریایی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.