سەرۆکی پێشووی ئێران داوای ئاشتی دەکات


لەگەڵ زیادبوونی گرژیەکان محەمەد خاتەمی، سەرۆکی پێشووتری ئێران و رێبەری رەوتی چاکسازی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ راوێژکارەکانی داوای کۆتایی هێنان بەشەڕ دەکات.

محەمەد خاتەمی، سەرۆکی پێشووتری ئێران و رێبەری رەوتی چاکسازی هەینی، ١٧ تەمووز ٢٠٢٦، رایگەیاند "ئاشتی خیانەت نییە و بە هیچ شێوەیەکیش دژایەتیی لەگەڵ رێبازی ئیمام حوسێندا نییە، زۆرینەی گەلی ئێران هیوای کۆتاییهێنان بە جەنگ، ململانێ و گرژییەکان دەخوازن و دەیانەوێت بەرەو قۆناغی سەقامگیری هەنگاو بنێن".

ئەو سەرکردەیەی رەوتی چاکسازی دەشڵێت "پێویستە دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە وڵاتدا ببێتە ئەولەوییەتێکی نیشتمانی"، هاوکات داوای پشتیوانیکردنی پڕۆسەی دانوستان و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران بکات.

محەمەد خاتەمی داوای لە "کەسایەتییە سیاسییەکان، رووناکبیران، میدیاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە رۆڵێکی کارا لە سەرخستنی پڕۆسەی دانوستاندا بگێڕن".

"پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرژەوەندییەکانی وڵات بخەنە سەرووی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە و پارێزگاری لەو دەرفەتە بکەن کە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان رەخساوە"، سەرۆکی پێشووتری ئێرانو ا دەڵێت.

ئەم قسانەی سەرۆکی چاکسازی ئێران لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا شەپۆلی حەوتەمی هێرشەکانی بۆسەر ئێران دەست پێکردوە و ئێرانیش وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. 




AM:12:41:18/07/2026