ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی نزیک لە سوپای پاسداران
ڕایگەیاند، لە حەوتەمین شەوی هێرشەکانی ئەمریکادا، دوو پرد لەسەر رێگای "بەندەر
عەباس-ڕودان" کراونەتە ئامانج و زیانیان پێگەیشتووە.
ئەم ئاژانسە هەروەها ئاماژەی بە کوژران و برینداربوونی چەندین
کەس لەم هێرشانەدا کردووە، بەڵام هێشتا هیچ ئامارێکی دروست لەسەر ژمارەی کوژراو و
بریندارەکان و قەبارەی زیانەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
لای خۆشیانەوە، پارێزگاری هورموزگان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە
١٨ی تەموز ڕایگەیاند کە تونێلی "میرزایی" بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە
داخراوە. هەروەها پردی ڕووباری "شوور" لەسەر ڕێگای بەندەر عەباس بۆ سیرجان،
و پردی تەوەرەی چوون لە سێڕێیانی میناب بەرەو ڕودان) کراونەتە ئامانج.
پارێزگاری هورموزگان لەبەر ئەم هۆکارە داوای لە هاوڵاتیان
کردووە لە هاتوچۆکردن لەم ڕێگایانەدا خۆش بپارێزن.
هاوکات، ئاژانسی تەسنیم ڕاپۆرتی دا کە لە هێرشێکدا بۆ سەر
دوورگەی "لارک"، تاوەری چاودێریی دەریایی ئەم دوورگەیە بەرپەرچی موشەک
دراوە و کراوەتە ئامانج. پێش ئەمەش، پارێزگاری هورموزگان ڕایگەیاندبوو کە لە کاتژمێر
یەک و نیوی بەرەبەیاندا شوێنێک لەم دوورگەیەدا کراوەتە ئامانج.
لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئەمڕۆ شەممە
رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی،
زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سوپای ئەمریکا لە وڵاتانی
کوەیت، ئوردن و بەحرەین.
بە پێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە
١٨ی تەموزی ٢٠٢٦، هێرشی چڕ کراوەتە سەر بنکە و ناوەندەکانی پشتیوانی هێزی پیادەی ئەمریکا
لە هەریەک لە بنکەکانی "عەریفجان و ناوەندی چاودێریی بنکەی عەلی سالم" لە
کوەیت. سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، زیانێکی زۆریان بەو بنکانە گەیاندووە.
هاوکات سوپای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، لە کوەیت کۆگایەکی
چەکیان لە بنکەی عەدیری و چەندین باڵەخانەی سەرکردایەتی و کۆگای چەکیان لە بنکەی عەلی
سالم پێکاوە، جگە لە تێکدانی چەندین پردی پەیوەندی و گەیاندن.
لە بەشێکی دیکەی هێرشەکاندا، سوپای ئێران لە رێگەی درۆن
تانکەرەکانی سووتەمەنی سوپای ئەمریکای لە بنکەی ئەزرەق لە ناو خاکی ئوردن کردووەتە
ئامانج. هەروەها سوپای ئێران رایگەیاندووە، بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکایان لە وڵاتی
بەحرەین بە هەمان شێوە بۆردومان کردووە.
سوپای پاسداران لە پەیامێکی تونددا هۆشداری داوەتە ئەو وڵاتانەی
میوانداری هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و رایگەیاندووە: "ئەو وڵاتانەی خاکی خۆیان
کردووەتە مەیدانێک بۆ دەستدرێژکاری و هێرشکردنە سەر ئێران، دەبێت باجی میوانداریکردنی
دەستدرێژکارە ئەمریکییەکان بدەن."
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، سوپای کوەیت لە رێگەی پلاتفۆرمی
ئێکس رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان چالاک بووە و توانیویەتی هێرشەکان
تێکبشکێنێت، ئەو دەنگی تەقینەوانەی بیستراون لە ئەنجامی تێکشکاندنی مووشەکەکان بووە.
لە ئوردن، سوپای ئەو وڵاتە جەختی کردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان
١٠ موشەکی ئێرانییان لە ئاسمانی شانشینەکەدا خستووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی
یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە و بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین، بەهۆی مەترسیی هێرشەکان بۆ
سەر بنکە دەریاییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و باری
نائاسایی راگەیاند.