موجتەبا خامنەیی، لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی وڵاتەکەی، ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند'' پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکان لەلایەن واشنتنەوە، جارێکی دیکە بێبایەخیی واژۆی سەرۆکی ئەمریکای بۆ هەموان سەلماند.''
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، پێشێلکردنی متمانە و بەڵێنەکان لەلایەن ئەمریکا، نیشانەی ئەوەیە کە زۆرداری، پاوانخوازی و شەڕانگێزی بەشێکی دانەبڕاون لە شێواز و ڕەفتاری ئەمریکا.
وتیشی'' گەلی ئێران و بەرەی مقاوەمە وانەی لەبیرنەکراو بە ئەمریکا دەدەن، وەک چۆن لەم ڕۆژانەدا بوێریی جەنگاوەرانی ئیسلام و غیرەتی خەڵکی ئازای باشوور نموونەی ئەو وانانەیان نیشان دا."
لە پەیامەکەیدا، خامنەیی جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی کردەوە و ڕایگەیاند'' یەکگرتوویی لە هەموو ئاستەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش و دابینکردنی سەربەخۆیی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا، ئەرکێکی پیرۆز و حەتمییە.''
ئاماژەی بەوەش کرد، متمانەکردن بە بەرپرسانی دڵسۆز لە هەرسێ دەسەڵاتەکە، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران مسۆگەر دەکات.
سەبارەت بە پرسی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، ڕێبەری ئێران ڕوونی کردەوە'' رەنگە کەسانێک لەسەر بنەمای دڵسۆزی ڕەخنەیان لە کارکردنی هەندێک بەرپرس هەبێت، بەڵام پێویستە ئەم ڕەخنانە نەبنە هۆی نادادپەروەری بەرامبەر کەسانی بێتاوان و نابێت یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی تێک بدەن." جەختیشی کردەوە کە نابێت هیچ نیشانەیەکی لاوازی لەلایەن گەلی ئێرانەوە بگاتە دەست دوژمن.