ڕۆژنامەی "ۆڵستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد
کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ماوە کورتەی کە ئاگربەستی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکادا هەبوو، سوودی لە دەرفەتەکە بینیوە و بە بەهای نزیکەی ٦ ملیار دۆلار نەوتی
هەناردە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران،
نزیکەی ٢٠ نەوتکێشی ئێرانی کە پڕبوون لە نەوت، لە ئاوەکانی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی
مالیزیا لەنگەریان گرتووە. شیکەرەوان و چالاکوانی بازاری نەوت ئاماژە بەوە دەکەن کە
وێستگەی کۆتایی ئەم بارە نەوتانە وڵاتی چینـە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا گەمارۆ
دەریاییەکان و سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێرانی دووبارە سەپاندووەتەوە. هەرچەندە
بڕێکی زۆر نەوت لە بەندەرەکانی ئێرانەوە چوونەتە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا نەوتی کۆماری
ئیسلامی بە سەختی کڕیاری دەستدەکەوێت.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاویکردووەتەوە
کە پاڵاوگە سەربەخۆکانی ناوچەی "شاندۆنگ" لە چین، لە هەفتەکانی ڕابردوودا
بڕی نێوان ١٦ بۆ ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرزانتر لە وڵاتانی (قەتەر، عێراق و ئیمارات)
کڕیوە، ئەمەش وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەو نەوتەی کە بەهۆی گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکاوە
لەسەر ئێران پەکیکەوتووە.