سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە دوو کەشتیان کردوەتە ئامانج و هۆشداریان بە دوو کەشتی دیکەش داوە.
یەک شەممە، ١٩ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە "هەر چوار کەشتییەکە سیستمی دەریاوانیی خۆیان پەکخستبوو و بە پاڵپشتیی ئەمریکا هەوڵیان دەدا لە رێڕەوێکی نائارامەوە لە گەرووەکە بچنە دەرەوە، ئەو کەشتییانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی لێدوانەکانی ئەمریکا و رێڕەوی نائارام دەگرنە بەر، بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی رووداو دەبنەوە".
سوپای پاسداران وتوشیەتی "پێشتر جەختمان کردووەتەوە کە هیچ دڵۆپە نەوت، گاز یان پەینی کیمیایی بەبێ مۆڵەتی تاران بە گەرووی هورمزدا تێناپەڕێت، هێزەکانمان کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان لەدەستدایە و تەنیا رێڕەوی ئارامیش، ئەو رێڕەوەیە کە لەلایەن ئێرانەوە دیاری کراوە و راگەیەندراوە".
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند "لە ١٨ تەمووزەوە رێڕەوی ٥ کەشتیی بازرگانیمان گۆڕیوە و کەشتییەکی دیکەشمان پەکخستووە، هێزەکانی ئەمریکا بە توندی بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا".