لە میانی یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦ لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەرجەنتین لە یاریگای مێت لایف لە ئەمریکا فەوزای ڕێکخستن و قەرەباڵغییەکی زۆر بووە هۆی دروستبوونی گرژی و شەڕ لە نێوان ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ئەرکی ڕووماڵکردنی یارییەکەیان لەئەستۆ بوو ئەمەش ڕاستەوخۆ لەبەردەم چاوی کارمەندانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا ئێف بی ئای ڕوویدا.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران بەهۆی درێژیی ڕیزەکانی چاوەڕوانی و کەمیی دەروازەکانی پشکنینەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ناڕەحەتییەکی زۆر بوونەتەوە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ناو یاریگاکە کە ئەمەش دۆخی تووڕەیی و فەوزای لە شوێنی دیاریکراوی میدیاکاران لێکەوتووەتەوە.
هاوکات، سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سستیی ڕێکارەکان لەلایەن لیژنەی ڕێکخەرەوە هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندنی ئەو ئاڵۆزییە بووە لە کاتێکدا هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان چاودێریی بارودۆخەکەیان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر تێکچوونی دۆخی ناوچەی ڕاگەیاندن.