سێنتکۆم: سەربازێکی ئەمریکی لە باکووری عێراق کوژرا

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی بە سووکی لە باکووری عێراق پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی سێنتکۆم ڕووداوەکە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی پووچەڵکردنەوە و پاککردنەوەی پاشماوەی تەقەمەنییە نەتەقێنراوەکانی ناو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بووە کە پێشتر لە ئاسمانی باکووری عێراق خرابووە خوارەوە.

فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەربازە بریندارەکە چارەسەری پێویستی بۆ کراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.



AM:12:13:20/07/2026