بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە٢٠ی تەموزی ٢٠٢٦، گرژی و ئاڵۆزییە
سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران چوونە
قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی هەردوولا هێرشی چڕی ئاسمانی و مووشەکییان کردە سەر بنکە
و پێگەکانی یەکتر لە ناوچەکەدا.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕێگەی هەژماری
فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی
ئەمڕۆ بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ نۆیەمین جار لەسەریەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە
سەر ئامانجەکان لەناو خاکی ئێران و ئۆپەراسیۆنەکەیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە لەم شەپۆلەدا چەندین پێگەی ستراتیژی
و سەربازی کراونەتە ئامانج، لەوانە: ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی
و تۆڕەکانی پەیوەندی. سیستەمەکانی بەرگریی
ئاستانی و بنکەکانی چاودێری کەناراوەکان.تواناکانی هێزی دەریایی، شوێنی هەڵدانی موشەک و درۆن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج
لەم ئۆپەراسیۆنانە پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و لاوازکردنی تواناکانی ئێران بووە
بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
لەلایەکی دیکەوە و وەک وەڵامدانەوەیەک، سوپای پاسدارانی ئێران
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە میدیا حکوومییەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند
کە هێزە ئاسمانییەکانیان بە بەکارهێنانی موشەکی بالیستی، فڕۆکەخانەی عەقەبەیان لە
وڵاتی ئوردن کردووەتە ئامانج، کە فڕۆکەکانی سوپای ئەمریکای لێ جێگیر کراوە.
هاوکات، لە هەمان بەیاننامەدا سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە
کە هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەربازیی تری ئەمریکا لە خاکی وڵاتی کوەیت،
بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتریان دەربارەی جۆری چەکە بەکارهاتووەکان و قەبارەی زیانەکانی
ئەو وڵاتە نەخستووەتە ڕوو.