عەباس عێراقچی: هۆشداریمان دایە بارزانی و تاڵەبانی

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەژێر ناوی "بەسەرهاتی جەنگ"، چەندین زانیاریی لەسەر شەڕی ئەم دواییەی نێوان وڵاتەکەی و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە پیلانێکی گەورە بۆ دابەشکردنی ئێران و ڕوخاندنی ڕژێمەکە لە ئارادابووە.

عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارەمین ڕۆژی جەنگدا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی بە چەند سەرکردەیەکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: «ئەو ئێوارەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندیم بە بارزانی، تاڵەبانی و هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیاوە کرد، هەروەها لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوومەوە و هۆشداریی توندم پێدان کە ئەگەر بچووکترین هەڕەشە لە کوردستانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئێمە بکرێت، وەڵاممان دەبێت؛ وا نەزانن ئێمە لە شوێنێکی تر سەرقاڵین".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عێراقچی ڕۆڵی تورکیای بە چالاک و کاریگەر وەسف کرد کە لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆبووەوە و هەڵوێستێکی توندی نیشاندا، کە ئەمەش بەشداربوو لە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکە. عێراقچی بە بێ ناوھێنان و بە ئاماژەدان بۆ ڕەزا پەهلەوی وتی: «ئەو باڵندە بچووکە لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل ڕێککەوتنی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئێران کردبوو، بەڵام سەرجەم پلانەکانیان بۆ نانەوەی نائارامی ناوخۆیی تووشی شکست بوون».

سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکانیش، وەزیری دەرەوەی ئێران دانی بە بوونی کاتێکی ئەمنیدا نا و ڕایگەیاند کە دوژمن زانیاری لەسەر کۆبوونەوەی فەرماندە سەربازییەکان لە بینای تەنیشت نووسینگەی ڕابەر هەبووە و دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لەو کەلێنە دەکەن. عێراقچی تیشکی خستە سەر پرسی داخستنی گەرووی هورمز لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا و ڕوونی کردەوە کە ئەوە پلانێکی پێشوەختە بووە بۆ ئەوەی ئەگەر ڕابەری باڵا بکرێتە ئامانج، دەستبەجێ گەرووەکە دابخرێت. لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەم ماوەیەدا موجتەبا خامنەیی نەبینیوە و پێشیشی وانییە جگە لە چەند کەسێکی کەم، کەسی تر بینیبێتی.




PM:01:11:20/07/2026