ئێران کۆمەڵێک پێشنیازی لەلایەن نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە پێگەیشتووە کە تێیدا پێشنیازی ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژە کراوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ واشنتن و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە'' نێوەندگیرەکان پێشنیازێکیان پێشکەش بە تاران کردووە بۆ هێورکردنەوەی ململانێکان لەگەڵ واشنتن کە ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژە لەخۆدەگرێت بە ئامانجی نوێکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە کاتییەی مانگی ڕابردوو بە نێوەندگیریی پاکستان لە نێوان هەردوولادا واژۆکرا.''
لای خۆشییەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە وڵاتەکەی چەند پێشنیاز و بیرۆکەیەکی پێگەیشتووە و ڕایگەیاند'' نێوەندگیرەکان بە شێوەیەکی چالاک کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە.'' بەڵام نەیویست بچێتە نێو وردەکارییەکانەوە و جەختیشی کردەوە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان هاوشانی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەردەوامن.
هاوکات، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانی ئەم دواییەی بۆ قەتەر هەوڵێکی زۆری داوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکادا
لە بەرامبەردا مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەڵام جەختی کردەوە پرۆسەکە دەبێت ببێتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی پابەندکەر کە تاران پێوەی پابەند بێت.