ترەمپ بەرامبەر بەکوشتنی ٥٣ هەزار خۆپیشاندەر، ئێران بە "دڕندە" ناو دەبات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ترووس سۆشیاڵ" زنجیرەیەک پۆستی بڵاوکردەوە و تێیدا لە کاردانەوە بەرامبەر لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەرپرسانی ئێرانی بە "دڕندە" وەسف کرد.

ترەمپ لە یەکێک لە پۆستەکانیدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی X کە ئاماژەی بە لەسێدارەدانی "گولمحەمەد موحەمەدی" (یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی دۆسیەی ناسراو بە مەیدانی عەلیخانیی ئەسفەهان) دەکرد، نووسیویەتی: "دوا کەس لە ٥٢ هەزار خۆپیشاندەری بێتاوان، و تەنانەت زیاتریش. دڕندەکان!!! دیموکراتەکان کەی لە خەو هەڵدەستن؟؟؟"

لە پۆستێکی دیکەدا، سەرۆکی ئەمریکا وێنەی "عەرفان ئیسفەندیاری" خۆپیشاندەری تەمەن ١٩ ساڵی هەمان دۆسیەی بڵاوکردەوە کە تێیدا نووسراوە: "تکایە یارمەتیدەر بن، تکایە ببنە دەنگیان". هەروەها لە پۆستێکی تردا، وێنەی ژنێکی گریانی لە تەنیشت ئاڵایەک لەسەرپێی سووتانی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە کە پلاکاردێکی بەدەستەوەیە و لەسەری نووسراوە: "ئێمە مەکوژن".

ئەم کاردانەوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی هەواڵی لەسێدارەدانی "عەرفان ئیسفەندیاری" و "گولمحەمەد موحەمەدی"ی ڕاگەیاند، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەسفەهان دەستبەسەر کرابوون.




PM:05:53:21/07/2026