ئەمەریکا و سعودیە رێکەوتنی ئەتۆمی رادەگەیەنن

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەمەریکا رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ سعودیە رابگەیەنێت، کە تێیدا بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی بۆ ریاز دابین دەکرێت.

رۆژنامەی نیویۆرک تايمز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە بڵاوکردەوە، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پلانی دانوستاندنی هەیە بۆ واژۆکردن و بەفەرمیکردنی ئەم رێککەوتنە، ئیدارەی سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە ئەم رێککەوتنە داهاتێکی چەندین ملیار دۆلاری بۆ کەرتی وزەی ئەتۆمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دابین دەکات.

هاوکات، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال روونیکردەوە، بڕگەیەک لەم رێککەوتنە ٣٠ ساڵییەدا هەیە، تێیدا هاتووە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دامەزراوەیەک بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە سعوودی دروست دەکەن، ئەگەر بێتو لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش بیسەلمێنێت کە ئەمە کارێکی پێویستە.

لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات، لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، دژایەتیی خۆیان بۆ هەر پرۆژەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی لە سعوودی دەربڕیوە؛ بەو پێیەی ترسیان هەیە لەوەی لە داهاتوودا ئەم پرۆژەیە بۆ مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.




AM:08:48:22/07/2026