ئێران: ئەگەر ئێمە نەوت نەفرۆشین، هیچ وڵاتێکی دیکە ناتوانێت بیفرۆشێت

‌محەمەد باقر قالیباف, سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف لە لیدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی هەڕیشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی وڵاتانی ناوچەکە دەکات.

چوار شەممە، ٢٢ تەمووز ٢٠٢٦، محەمەد باقر قالیباف رایگەیاند " هاوکێشەی ئەم جەنگە روون و ئاشکرایە، یان هەمووان یان هیچ کەس لەو ناوچەیەی کە ئێمە نەوتی تێدا نەفرۆشین، هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت نەوت بفرۆشێت، ئەگەر ئاسایشی ئێمە دەستەبەر نەکرێت، ئەوا هیچ ژێرخانێکی ناوچەکە پارێزراو نابێت".

"بارودۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە هەبوو، ئاسایشی گەرووی هورمز تەنیا بە نەمانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دابین دەبێت"، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وا دەڵێت.

هەر ئەمڕۆ چوار شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد سەبارەت بە هەر جۆرە هێرشێکی دەریایی لە ناوچەی کەشتیوانی گەرووی هورمزدا.




PM:09:48:22/07/2026