بەریتانیا: کارمەندەکانی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئێران کشاندەوە


وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە کشاندنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە ئێران و دەڵێت "لەمەودوا لە دوورەوە کاروباری دیپلۆماسی بەڕێوەدەبەن".

راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، چوار شەممە، ٢٢ تەمووز ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا هاتووە "باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان لە ئێران بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی کارەکانی، بەڵام بە شێوازی لە دوورەوە، داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەمان دەکەین لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا گەشت بۆ ئێران نەکەن، داوا لە هاوڵاتیانمان دەکەین، ئێستا وەک دانیشتووان یان گەشتیار لە ئێراندا هەن، بە وردی پێداچوونەوە بە بڕیاری مانەوەی خۆیان و ئەو مەترسییانەدا بکەن کە لەم دۆخەدا رووبەڕوویان دەبێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی رێنماییە نوێیەکەدا هۆشداری دراوە کە هاوڵاتییانی بەریتانی و ئەوانەی "خاوەنی دوو رەگەزنامەی بەریتانی-ئێرانیین، رووبەڕووی مەترسییەکی راستەقینەی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە دەبنەوە، کە تەنیا هەڵگرتنی پاسپۆرتی بەریتانی یان هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەک بە بەریتانیاوە، لەوانەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە وەک هۆکارێک بۆ دەستگیرکردن بەکاربهێنرێت".

ئەم راگەیاندراوەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە دوای ئەوە دێت کە لە ئێستا ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر بوون و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ ئێران روویان لە زیادبوون کردوە.




AM:12:46:23/07/2026