فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا: لە بەرامبەر هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی سەربازێکی ئەمریکی دەکوژین

فەرماندەی بارەگای قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران پەیامێکی هۆشداریدانی توندی ئاڕاستەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند'' هەر هێرشێک ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئێرانی بە کوشتنی سەربازێکی ئەمریکی وەڵام دەدرێتەوە.''

ئەمڕۆ هەینی ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ عەلی عەبدوڵڵاهی, فەرماندەی بارەگای قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند'' ئەم هاوکێشەیە لەم ساتەوە دەبێتە بڕیارێکی بڕاوە و فەرمی لە مەیدانی جەنگدا.''

ئەو فەرماندەیە جەختی کردەوە لە بەرامبەر شەهیدبوونی هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی هێزێکی ئەمریکی لەناو دەبرێت و هۆشداریی دا کە بلیتێکی ڕاستەوخۆیان بۆ دۆزەخ بۆ سەربازانی ئەمریکی ئامادە کردووە.

ئەم هەڵوێستە توندە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئاستێکی بەرزدان هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو تاران ئاگربەستی کاتی قبووڵ ناکات مەگەر داواکارییەکانی سەبارەت بە گەرووی هورمز بەدی بهێنرێن هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کێشەی سەرەکی نەبوونی نێوەندگیر نییە بەڵکو لە سیاسەت و ڕێبازەکانی ئەمریکادایە کە پێویستە بگۆڕدرێن



PM:09:07:24/07/2026