رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند'' دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا تاوتوێی بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازیی زەبەلاح دەکات دژی ئێران بەهۆی داڕمانی ئاگربەستە کاتییەکە و کوژرانی چوار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا.''
ترەمپ لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کردووە کە بیر لە هێرشێکی سەربازیی زەبەلاح دەکاتەوە کە گەورەتر دەبێت لە سەرجەم هێرشەکانی پێشوو و جەختی کردووەتەوە کە زۆر نزیکە لە بڕیاردان و بۆ ئەو مەبەستەش بە تەواوی ئامادەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە پێدەچێت ئیسرائیل نەخرێتە ناو ئەم خولە نوێیەی هێرشەکانەوە بەهۆی ئەگەری کاردانەوەی توندی ئێرانەوە بۆ سەر تەلئەڤیڤ.
ئەم بەرزبوونەوەیەی ئاستی ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە دێت کە جەنگەکە زیاتر لە پێنج مانگە بەردەوامە و لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا چوار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا کوژراون.
هاوکات بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆسیەیە بگاتە واشنتن و لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.