سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان تەقەیان لە کەشتییەکی
بازرگانی کردووە، هەوڵیداوە ئەو گەمارۆ دەریاییە بشکێنێت، بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا
سەپێنراوە.
کاپتن تیم هۆکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
(سێنتکۆم) لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "رۆژی هەینی هێزەکانی ئەمریکا کەشتیی (MT Lavine)یان لە کەنداوی عومان پەکخستووە،
دوای ئەوەی کەشتییەکە لانی کەم چوار جار هەوڵیدابوو گەمارۆکە ببڕێت و تێپەڕێت."
وتیشی، پێشتر چەندین جار هۆشداری دراوە بە تیمی کەشتییەکە،
بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونیان بە فەرمانەکان، سوپای ئەمریکا ناچار بووە ژووری بزوێنەری
کەشتییەکە بکاتە ئامانج و پەکیکی بخات.
ئەمە دووەم کەشتیی بازرگانییە، لەلایەن ئەمریکاوە پەکدەخرێت
لەو کاتەوەی واشنتن گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە. هاوکات سێنتکۆم
ئاشکرای کردووە، توانیویانە ئاراستەی ١٢ کەشتی دیکە بگۆڕن کە هەوڵی هاوشێوەیان
دابوو بۆ شکاندنی گەمارۆکە.
ئەمریکا لە ١٤ی تەموزی ئەمساڵەوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی
دەستپێکردەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە.