زانیاریی نوێ سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی ئێران و قاعیده بڵاوده‌كرێته‌وه
رۆژنامه‌ی شه‌رق ئولئه‌وسه‌ت له‌زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه زانیویه‌تی كه ئێران له‌ساڵی 2007ه‌وه تائێستاش شوێنێكی چالاكه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی كاره‌كانی رێكخراوی قاعیده‌و ئامێزی بۆ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی ئه‌و گروپه تیرۆریستییه كردووه‌ته‌وه تا له‌وێوه كاری تیرۆریستی له‌دژی سعودیه‌و ئیمارات و ئوردون ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام رۆژنامه‌كه ناو‌و پۆستی سه‌رچاوه‌كانی ئاشكرانه‌كردووه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه، ئه‌و چه‌كدارانه له‌نێوان شاره‌كانی ئێران ته‌ڕاتێن ده‌كه‌ن له‌وانه تاران و مه‌شهه‌دو زه‌هیدان و حزبوڵڵاش چاودێری پلانه‌كان ده‌كات و به‌ڵێنی پشتگیریی داراییان پێده‌دات.
هه‌ر به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی قاعیده به‌ئاگاداریی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، هه‌ماهه‌نگی له‌پێشوازیكردنی چه‌كدارانی سعودیه‌و وڵاتانی تره‌وه بۆ ناو ئێران، به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و ئاسانكاریی دارایی به‌رچاویان بۆ ده‌كه‌ن تا چه‌كداره‌كان بچنه شوێنی تر‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی گروپه تیرۆیستییه‌كان چالاكی ئه‌نجامبده‌ن. له‌وانه ناوی ئۆڵمزۆن ئه‌حمه‌دۆڤیچ سادقییف كه به جه‌عفه‌ر ئۆزبه‌كی ناسراوه‌و عێزه‌دین عه‌بدولعه‌زیز خه‌لیل كه به زه‌ین ئه‌لعابدین سوری ناسراوه‌و ساڵح قه‌رعاویی سعودی كه به نه‌جم خه‌یر ناسراوه، هێنراوه.
ئێران په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێكخراوی قاعیده‌و به‌ره‌ی نوسره‌دا هه‌یه‌و جه‌عفه‌ر ئۆزبه‌كی به یه‌كێك له‌گرنگترین ئه‌ندامه‌كانی قاعیده له‌ئێران داده‌نرێت و به‌هۆی په‌یوه‌ندیی پته‌وی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران‌دا، چه‌ندین ئاسانكاری به‌ده‌سته. وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش جه‌ختیكردووه‌ته‌وه كه ئۆزبه‌كی به‌ئاگاداریی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كار له‌سه‌ر سه‌ربازكردنی چه‌كداران له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌ره‌ی نوسره ده‌كات و تۆڕێكی به‌رپرس له‌گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارو پاره‌ی بیانی له‌ڕێگه‌ی توركیاوه، به‌ڕێوه‌ده‌بات.
هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه رونیانكردووه‌ته‌وه كه كه‌تیبه‌كانی عه‌بدوڵڵا عه‌زام كه پێشتر ساڵح قه‌رعاوی له‌وه‌زیرستانه‌وه سه‌ركردایه‌تی كردووه، له‌كاتیی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی قه‌رعاویدا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌مر كه هاوڵاتییه‌كی سعودیی داواكراوه‌و ماجد ئه‌لماجد كه له‌ساڵی 2013 به نه‌خۆشی مردووه، بازنه‌ی چالاكییه‌كانی فراوانكردووه.
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه، حزبوڵڵا به‌ڵێنی به كه‌تیبه‌كانی عه‌بدوڵڵا عه‌زام داوه پشتگیریی داراییان بكات.
له‌عه‌ره‌بییه‌وه: والی عه‌لی
سه‌رچاوه: aawsat.com
PM:01:45:23/02/2015