دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر محەمەد مورسی دەركرد

‌مورسی
دادگای تاوانەكانی قاهیرە، سەرۆك كۆماری لەسەر كارلادراوی میسری لەسەر دۆسیەی كوشتنی خۆپیشاندەران بە 20 ساڵ زیندان مەحكوم كرد.

بەپێی راپۆرتی میدیاكانی میسر، ئەمرۆ دادگای تاوانەكانی قاهیرە، بڕیاری كۆتایی لەسەر تۆمەتەكانی محەمەد مورسی سەرۆك كۆماری لەسەركار لادراوی ئەو وڵاتە دەركرد‌و مورسی بەتاوانی كوشتاری خۆپیشاندەران لە بەردەم كۆشكی كۆماریی لەساڵی 2012 بە 20 ساڵ زیندان مەحكوم كرا.

ئەمە لەكاتێكدا كە بڕیار رۆژی 16ی ئایار دادگای تاوانەكانی قاهیرە سەبارەت بە دوو دۆسیەی دیكە لەوانە "هێرش كردنەسەر زیندانیەكان" لە سەرەتای راپەڕینی میسر‌و دۆسیەی سیخوری كردن بۆ حەماس‌و حیزبوڵا، سزای محەمەد مورسی بدات.

محەمەد مورسی وەك یەكەمین سەرۆك كۆمار كە لە هەڵبژاردندا بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردرا، پاش ساڵێك لەدەستبەكاربوون‌و بەدوای ناڕەزایی جەماوەریی‌و كەموێنەی نەیاران، لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگریی ئەو كاتی میسر لەسەر كار لابرا.




PM:12:59:21/04/2015