سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە سعودیە دەكات
موحسین رەزایی
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە هەڕەشەیەكی كەم وێنەدا دەڵێت: ئەگەر سعودیە ئاسایشی ئێران تێكبدات، ئەو وڵاتە بۆ سەردەمی پێش پیشەسازیی دەگەڕێنینەوە.
موحسین رەزایی كە لەسەردەمی شەڕی ئێرانو عێراق فەرماندەی سوپای پاسداران بوو و دواتر بوو بە بەرپرسی دەستەی دیاریكردنی بەرژەوەندی ئێرانو، بەم دواییانە بۆ ناو ریزەكانی سوپای پاسداران گەڕاوەتەوە لە لێدوانێكدا لەسەر ناوچەكە رایگەیاند: لە تەواوی كێشەكانی ناوچەكە لە پاكستان، ئەفغانستان تا سوریاو غەزەو یەمەنو عێراقو بەحریەن تەنیها موسڵمانان دەكوژرێن، تەنانەت چەندین خەونیشیان بۆ جیاكردنەوەو دابەشكردنی وڵاتانی ئیسلامیش بینیوە.
ناوبراو روو لەسعودیە وتی: دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەبێت ئاگادار بن، چونكە پاراستنی بەرژوەندییەكانی ئێران تەنیا لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێران نیەو بەرژوەندی ئێران بە مانای ئاشتیو ئارامیی لە ناوچەكەو ئەگەر سعودیە بیەوێت ئەم ئاسایشو بەرژوەندییە بخاتە مەترسییەوە، ئەو وڵاتە بۆپێش سەردەمی پیشەسازیی دەگەڕێنینەوە.
PM:05:49:28/05/2015