نیۆیۆرک تایمز داوا دەکات تورکیا شەڕ دژی کورد رابگرێت

گەورەترین رۆژنامەی ئەمەریکا نیۆیۆرک تایمز داوا لە ئیدارەی ئەمەریکا دەکات کە فشار بخاتە سەر تورکیا تا شەڕ لە دژی کوردەکان رابگرێت. 

رۆژی ٣١/٨ سەروتاری رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ئەمریکا کە گەورەترین رۆژنامەی ئەو وڵاتەیە داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات فشار بخاتە سەر حکومەتی تورکیا تاوەکو شەڕ لە دژی کوردەکان، پەکەکە، رابگرێت.
 
وتارەکە بەناوی ڕۆژنامەکەوە نوسراوە، نەک نوسەرێک یان کەسایەتییەک، هەروەها پەکەکە وەک هێزێکی جودایخواز نەک "تیرۆریست" وەسفکردوە، ئەمەش وەرچەرخانێکە لەدیدی میدیا ئەمریکی بەرابەر بە پەکەکە کە پێشتر هەموویان پەکەکەیان بە " تیرۆریست" ناودەبرد.

سەروتارەکەی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز شەڕی ئێستای ئۆردۆغانی بە گەمەیەکی قێزەون وەسفکردوەو شوبهاندویەتی بەو گەمە سیاسییەی کە لە فلیمی "واگ ز دۆگ" هاتوە کە سەرۆک کۆماری وڵاتێک بۆ شاردنەوەی "فەزیحەیەکی جنسی شەڕێک لەگەڵ دراوسێیەکی دەخولقێنێ".

لە سەروتارەکەی رۆژنامەکەدا یەپەگەی لە رۆژئاوا بە چاکترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە سوریا ناساندوە.

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست دوو رۆژنامەن کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکا هەیە.




AM:09:43:08/09/2015