ئۆردوغان کودەتا بەسەر میدیای ئازاددا دەکات

دوێنێ ١٠/٢٩ لە بەرەبەیاندا لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا پۆلیس پەلاماری چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی داو ئەم ھەواڵەش بوو بە سەردێڕی ڕاگەیاندنە جیھانییەکان.

پۆلیس بە شکاندنی دەرگاکان و مامەڵەیەکی توند و تیژ لەگەڵ رۆژنامەنووساندا پەلاماری ھەردوو کەناڵی بوگون و کەناڵتورکی دا و داگیری کردن، میدیا جیھانییەکان لە ڕێگەی ڤیدیۆ و وێنەکانەوە ھەموو جیھانیان لەم رووداوە ئاگادارکردەوە و، ئەم ئینقیلابە بەسەر میدیای ئازاددا لە میدیا ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکاندا وەک ”ھەواڵی بەپەلە" لە وێبسایتەکانەوە بڵاوکرایەوە. ھەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی میدیای ئازادا لە میدیا بیانییەکاندا بەم شێوەیە باسی لێکرا:

ئەسۆشیەیتد پرێس (AP): لە کاتێکدا کە ئاژانسی ھەواڵی ئەسوشیەیتد پرێس بە نووسینی "پۆلیس بە بەکارھێنانی گازی فرمێسک ڕێژ چووە ناو بیناکانەوە" باس لە ڕووداوەکان دەکات، درێژەی پێدەدات و دەڵێت کە ئەم ھەنگاوە درێژە پێدەری ئەو ھێرشانەیە کە لە دوای بەدواداچوونەکانی گەندەڵی 17 کانوونی یەکەمی 2013 ەوە دەکرێتە سەر بزوتنەوەی خزمەت. لە ھەواڵەکەدا باس لەوەش دەکرێت کە مەبەستێکی تری ئەم ھێرشانە بێدەنگکردنی میدیای ئۆپۆزسیۆنە پێش ھەڵبژاردنەکان.

ڕۆیتەرز: ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرزی بەریتانی لە ھەواڵێکیدا کە بە درێژی باس لە ڕووداوەکانی بەردەم کەناڵی بوگون دەکات بەشێک لە لێدوانی سەرنووسەری رۆژنامەی زەمان عەبدولحەمید بیلیجی دەگوازێتەوە کە دەڵێت، "ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن، میدیا، دەستور و ئازادییەکان." وە ھەر لە ھەمان ھەواڵدا باس لە وتەکانی ئایدن ئونال پەرلەمانتاری سەر بە ئاک پارتی دەکرێت کە دەڵێت پاش ھەڵبژاردنەکان سەرەی رۆژنامە ئۆپۆزسیۆنەکانی تریش دێت و حسابیان لەگەڵ دەکەین.


AFP: ئاژانسی ھەواڵی فەڕەنسی AFP دەڵێت کە ئەوەی ڕوویداوە دەسگرتنە بەسەر رۆژنامە و کەنەڵەکانی ئۆپۆزسیۆندا پێش چەند ڕۆژێکی کەم لە ھەڵبژاردنەکان، وە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ھێرشانە نیگەرانییەکی زۆریان دروستکردووە دەربارەی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە تورکیادا. لە ھەواڵەکەدا شوێندراوە بە وتەکانی تاریق تۆرۆس بەڕێوبەری گشتی پەخشی کەناڵی بوگون کە دەڵێت "بینەرانی ئازیز، پاش کەمێکی تر پۆلیس لە ناو ستۆدیۆکانماندا دەبینن تکایە ھیچ سەرتان سوڕنەمێنێ."

گاردیان: رۆژنامەی گاردیان لێدوانی ڕێکخراوێکی مەدەنی موعتەبەری –فریدەم ھاوسی- بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت "دەستگرتن بەسەر ھۆڵدینگی کۆزا ئیپێکدا –کە کەناڵەکانی بوگون و کەناڵتورک و ڕۆژنامەی بوگون و میللەت و ڕادیۆی کەناڵتورک لەخۆدەگرێت – متمانە بە ھەڵبژاردنەکان لاواز دەکات. وە لە وێبسایتەکەشیاندا کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی ڕدووداوەکانیان بڵاوکردووەتەوە.

ئیندیپێندێت: لە ژێر ناونیشانی "ئایا تورکیا چەند ھەنگاوێکی کەمی ماوە ببێت بە دیکتاتۆری؟" ، رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی کە ڕژنامەیەکی دیار و خاوەن سومعەیەکی بەرزی ئەو وڵاتەیە، بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات کە ترسی ئەوە ھەیە کە ئەم ھەنگاوانە پێشەکییەک بن بۆ بە زۆر سەپاندنی زۆرینەی سەر بە ئەردۆگان لە پەرلەماندا و ھێنانەدی خەونی ئەردۆگان بۆ ڕژێمێکی سەرۆکایەتی تاک ڕەویی ئۆتۆریتاری.

لۆمۆند: ڕۆژنامەی دیاری فەڕەنسی لۆمۆند بەم شێوەیە باس لە ڕوودوەکان دەکات و دەڵێت: "پۆلیس لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا دەستی گرت بەسەر دوو کەناڵی تەلەفزیۆنیدا" و ئاماژە بەوە دەکات کە پۆلیس پاش شکاندنی دەرگای بیناکە ڕۆشتوونەتە ژوورەوە.

تۆڤیما: ئەم رۆژنامە یۆنانییە، لە ژێر ناونیشانی "گەورەتریین گەمارۆدەر –سانسۆرچی- ئەردۆگان"دا باس لە پێشھاتەکان دەکات. وە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەی یۆنان، پۆرتۆ سیما، ئەم دەستدرێژییانە  بە مانشێتی "لە تورکیا میدیکان پێش ھەڵبژاردن غەرق دەکرێن" باس لە ڕووداوەکان دەکات.

سکای نیوزی عەرەبی: کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی کە بنکەکەی لە ئەبوزەبییە و یەکێکە لەو کەناڵانەی کە زۆرترین بینەریان ھەیە لە رۆژھەلاتی ناوەڕاستدا، دەستدرێژییەکان بە سەردێڕی "ئەردۆگان، پاش شکاندنی دەرگاکانی میدیای ئیپێک ڕۆشتە ژوورەوە" باس دەکات. کەناڵی ئەلعەرەبییەش بە ‌ھەواڵێکی ھاوشێوە باسی ڕووداوەکان دەکات. رۆژنامەی قودسی عەرەبیش بە بەکارھێنانی دەستەواژەی "پۆلیسی تورکیا بە ئەمری ئەردۆگان دەستی گرت بەسەر گرنگترین کۆمپانیای میدیاییدا" ھەواڵەکە دەگەیەنێت بە خوێنەرانی.
 
سەرچاوە: ڕۆژنامەی زەمانی تورکی




PM:07:16:30/10/2015