" ئەردۆغان پرۆڤەی سەرۆکایەتی دەکات"

ڕەینهارد باومگارتەن نوێنەری تۆڕی مێدیایی (ARD) ی ئەڵمانی لە ئیستەنبول، لە دواین نوسینیدا ئاماژەی بە مەترسیەکانی دوای قۆناغی شکستهێنانی کودەتاکەی تورکیا کرد.

نوسەر پێی وایە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەلایەن رەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە مەبەستی پرۆڤەی سیستەمی سەرۆکایەتیە کە زۆر دەمێکە بە تەمای پەیڕەوکردنێتی.

باومگارتەن پێی وایە قۆناغی دوای کودەتاکەی١٥ ی تەموز پڕە لە مەترسیە و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی سەرەتای قۆناغی سیستەمی سەرۆکایەتیە:" ئێردۆغان بۆ ماوەی ٣ مانگ باری نائاسایی ڕاگەیاند. واتە هەر بڕیارێکی دەرکرد بێگەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەبێتە یاسا. ئەمەش خودی ئەو سیستەمی سەرۆکایەتیە کە لەمێژە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات. هەرچەندە ماوەیەکە سیستەمی سەرۆکایەتی بە شێوازی کرداری پەیڕەو دەکرێت، بەڵام لەمەودوا پاساوی یاسایی و دەستوریشی بۆ زیاد دەبێت.''

باومگارتەن زیاتر لەسەر بابەتەکە دەڕوات و دەڵێت:" ئێردۆغان ئێستا پێویستی بە سیستەمی سەرۆکایەتی نەماوە، لەبەرئەوەی هەرچی بیەوێت دەیکات و کەس نیە ڕێگر بێت لەبەردەمیدا. بەڵام ئەو دەیەوێت سیستەمەکە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەدەستبێنێت . هەتا کەس نەتوانێت ڕەخنە لە کارەکانی بگرێت. بۆیە لەم ماوەیەدا کۆمەڵگەی تورکیا دەکات بە دوو بەشەوە و ڕیزی لایەنگرانی خۆی زێدە قایمتر دەکات. بۆ ئەمەش پێویستی بە دەمکوتکردنی ڕەخنە گران و ئۆپۆزسیۆنە. گەربیر لە قسەکانی شەوی کودەتاکە بکەینەوە کاتێک وتی ئەم هەوڵی کودەتایە 'لوتفی خودایە' ئەوا بە ئاشکرا دەبینین مەبەستی لە چی بوە. چونکە هەر دوا بە دوای کودەتاکە بە هەزاران کەسی دەست بەسەر کرد کە پەیوەندیشیان بە کودەتاوە نەبوو."

نوسەر قۆناغی دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز بە 'کودەتای سپی' ناو دەبات و بە باشی دەزانێت کەوا ئێردۆغان بە دوای قەڵاچۆی نەیارانی نەچێت.

بە پیچەوانەوە چارەنوسێکی تاڵ چاوەڕێی تورکیا دەکات کە هیچی کەمتر نەبێت لەو ئەگەرەی کە کودەتاچیان سەرکەتوو بونایە.





PM:09:03:26/07/2016