وڵاتێكی ئەمەریكی 300 هەزار پەنابەر وەردەگرێت

حكومەتی كەنەدا لە كیشوەری ئەمەریكای باكور رایگەیاند وڵاتەكەی لە ساڵی 2017دا، 300 هەزار كۆچەر و پەنابەری نوێ وەردەگرێت.

جۆن مكاڵوم وەزیری هاووڵاتییبوون و كۆچبەرانی كەنەدا لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە شاری ئۆتاوا، باسی لەوە كرد وەرگرتنی پەنابەر و كۆچەران لە ساڵی داهاتووشدا وەك ئەمساڵ دەبێت و 300 هەزار كەس وەردەگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، كە ئامانجی سەرەكی لە وەرگرتنی پەنابەران پڕكردنەوەی كورتهێنانی هێزی كارە بۆ ئابووریی گەشەسەندوو، لەگەڵ گەنجكردنەوەی دانیشتوانی وڵات كە بەساڵاچوون.

بەپێی روونكردنەوەكەی وەزیری هاووڵاتییبوون و كۆچبەرانی كەنەدا، بەشێكی زۆری كۆچبەران  لە هەڵگری بڕوانامە و بازرگانان، پێكدێن.

هەربەپێی روونكردنەوەكەی مكاڵوم، ئەوانەی لە ساڵی 2017دا وەردەگیرێن بەمشێوەیە دەبێت:
*172  هەزار و 500 كەس لە هێزی كاری پێویست بۆ ئابووری، ئەوانەی خاوەنی بڕوانامەی بەرزن، لەگەڵ ئەوانەی بە سامانەكانیانەوە روو لەكەنەدا دەكەن بۆ رەخساندنی هەلی كار.
*84  هەزار لەو ژن و مێردانەی بەهۆكاری جیاواز لەیەك جیابوونەتەوە، دایك و باوك، منداڵان، نەوە و باپیری منداڵەكان.
*40  هەزار كەس لە ئاوارە و ئەوانەی خراونەتە ژێر پارێزگارییەوە.
*سێ هەزار و 500 كەس لە چوارچێوەی هاوكاری مرۆیی.
لەو 40 هەزار كەسەی لە ئاوارە و ئەوانەی خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، 25 هەزاریان لە ئاوارەكان پێكدێن.




PM:02:17:01/11/2016