گەنجێک لەژێر ئەشکەنجەداندا گیانی لەدەستدا

گەنجێک لەبەرئەوەی لە ئەوروپا گەڕایەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەستگیریان کردو لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

ماڵپەڕی هه‌نگاو كە تایبەتە بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم 29ی ئایاررای گەیاند، "هاووڵاتییەكی خەڵكی ڕوانسەری سەر بە پارێزگای كرماشان بەناوی دیاكۆ هاشمی، دوای گەڕانەوە لە ئەوروپا و گرتنی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتڵاعاتی كەرەج، لەژێر ئەشكەنجەی ئەو ناوەندە تەناهییەدا گیانی لە دەست دا". 

دیاكۆ تەمەنی 24 ساڵانە و لە ساڵی 2011 بەرەو ئەوروپا بەڕێ كەوتووە و لە وڵاتی فینلەندا مافی پەنابەرێتی وەرگرتووە، دوای ئەوەی هەواڵی نەخۆشكەوتنی باوكی پێ دەدرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەردانیكردنی و لەلایەن ئیتڵاعاتەوە دەگیرێت.

ماڵپەڕەکە باس لەوە دەکات "دوو مانگ دوای گرتنی ئیتڵاعاتی كەرەج، ئەمیر هاشمی باوكی دیاكۆ بانگ دەكەنە كەرەج و پێی رادەگەیەنن كوڕەكەی لە گرتووخانەكەیاندا گیانی لە دەست داوە و هەڕەشەی ئەوەیان لێ كردووە بە بێدەنگی بینێژێت".

بەپێی هەواڵەکە، بەرپرسانی ئیتڵاعات مۆڵەتیان نەداوە تەرمی دیاكۆ بگەڕێندرێتەوە زێدەكەی خۆی لە روانسەر و خێزانەكەی هەر لە كەرەج بەخاكیان سپاردووە و بەڵێننامەیان بە باوكی پڕ كردووەتەوە هەواڵی كوژرانی كوڕەكەی بە میدیایی نەكات.




PM:11:09:29/05/2017