هەسەدە هێرشی بۆ سەر ناوەندی ڕەقە دەستپێكرد

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی ڕەقە دەستی پێكرد و لە سێ قۆڵەوە هێرش دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستپێكردنی قۆناغی پێنجەم و كۆتایی لە ئۆپراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی ڕەقەی ڕاگەیاند.

وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند "هێزەكانی هاوپەیمانان ڕۆڵێكی كاریگەرییان هەیە لە ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی ڕەقە و لە ئاسمانەوە بۆردومانیان دەكەن".

ئەوەش لەكاتیكدا هەر ئەمڕۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چوارچێوەی قۆناغی چوارەم بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندەكانی دەوروبەری ڕەقە، گوندەكانی عەدنانیە و بیرهاشم و سیكورە و رەبیعەیان لە باكوری ڕۆژئاوای شارەكە كۆنتڕۆڵكردەوە و لە گوندەكانی هاوهوی و یەعریبیە و ئەبوسوسیش شەڕبەردەوامە.

ڕوانگەی سوریش بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سەربازی ژێردەستی داعش لە باكوری ڕەقە.

شەممەی ڕابردووش نوری مەحمود وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" ئاشكرایكرد، هێرشی چاوەڕوانكراوی سەر ناوەندی شاری ڕەقە كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێدەكات.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەپەگە و یەپەژە پێكهاتەی سەرەكی هێزەكەن پێشڕەویی بەرچاویان كردووە بە ئاراستەی ناوەندی شاری ڕەقە و لەئێستادا تەنها چەند كیلۆمەترێك لە شارەكەوە دوورن.





AM:11:36:06/06/2017