عەبادی و ترەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

حەیدەر عەبادی و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان دەربارەی دۆخی ناوخۆیی عێراق و شەڕی داعش و ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن لە سوریا ئەنجامدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ عەبادی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە کراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی شکستپێهێنانی داعش و رزگارکردنی تەواوی خاکی عێراق، کە بە توانای سوپای عێراق و بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە دەستهاتوون.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، عەبادی و ترەمپ بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە دەربارەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوخۆیی سوریا و جەختکردنەوە لە گرنگی کۆتایی هێنان بە پاشماوەی چەکدارانی داعش، بۆ ئەوەی جارێکی نەتوانن سەرهەڵبدەنەوە.

لەلایەکی ترەوە کۆشکی سپی ئەمریکا دەربارەی ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنیەی نێوان عەبادی و ترەمپ بڵاویکردەوە "هەردوو سەرۆک گفتوگۆیان کردووە دەربارەی ئەو ڕاپۆرتە بێزارکەرانەی کە باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمایی دەکەن لە نزیک دیمەشق".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی نوسیگەی عەبادیدا باس لەوە کراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لە تێڕوانینی عێراق بۆ هاوکاری و هەماهەنگی هەرێمایەتی بەهێزکردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هاوسێکانی، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و جیهان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کمیاییەوە لەدومای نزیک دیمەشق، نزیکەی ١٥٠ کەس کوژراون و نزیکەی هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.



AM:08:25:09/04/2018