كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆریای باشوور " كۆشكی شین" رایگەیاندووە، كە سەرۆكی كۆریای باكوور بەڵێنێك بە جیهان و مرۆڤایەتی دەدات.
لە بەیاننامەیەكدا، كۆشكی شین رایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەی كیم جۆنگ ئون و مون جای ئین، سەرۆكانی كۆریای باكوور و باشوور، ئەو بەڵێنە دراوە.
هەروەك میدیاكانی كۆریای باشوور گواستوویانەتەوە، كیم جۆنگ ئون لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، لە مانگی 5ـی 2018، وڵاتەكەی سەكۆی تاقیكردنەوە ناوكییەكانی بە بەرچاوی هەموو جیهان و مرۆڤایەتی، تێك دەدات.
سەرۆكی كۆریای باكوور هەروەها رایگەیاندبوو، كە لە بری تاقیكردنەوە مووشەكی و ناوكییەكاندا، ئیدی هەوڵی گەشەپێدانی ئابووریی و ئاشتیی وڵاتەكەی دەدات.
رۆژی هەینی 27/4/2018،، كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكوور بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ناو خاكی كۆریای باشوور و لەلایەن مون جای ئینی سەرۆكی كۆریای باشوور پێشوازی لێ كرا.
كیم جۆنگ ئون و مون جای ئین رێككەوتن لەسەر كۆتایی هێنان بە شەڕ و ناكۆكییەكانیان، كە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا، هەردوو بەشی باكوور و باشووری نیمچەدوورگەی كۆریا، بوونە دوو وڵاتی جیاواز.