ئەمریکا تاوتوێی ڕادەستکردنەوەی سەرکردەیەک بە تورکیا دەکات

حکوومەتی ئەمریکا تاوتوێی رادەستکردنەوەی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بەو وڵاتە دەکات.

هیزەر نوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، تورکیا چەندین داواکاری بۆ رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن،رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، پێشکەش بە ئەمریکا کردووە.

هیزەر نوێرت هەروەها رایگەیاندووە، حکوومەتی وڵاتەکەی تاوتوێی داواکارییەکەانی تورکیا دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن بە تورکیا.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گیولەن بە پلانداڕشتن بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی  تەمموزی 2016ـی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا، تۆمەتبار دەکات.

گیولەن، کە لە ساڵی 1941 لە ئەرزەڕۆم لەدایک بووە و خۆی وەک زانایەکی ئیسلامی نیشان دەدات، لە ساڵی 1999ـەوە لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە ئەمریکا نیشتەجێیە.




PM:04:05:16/11/2018