لەبارەی مەولودەوە فەتوا درا

موفتی سعودیە دژایەتی خۆی بۆ خۆشی دەربڕین بە بۆنەی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) دەردەبڕێت و بە رەفتاری ئاگرپەرستان وەسفی دەكات.

عەبدولعەزیز ئالشێخ، موفتی و سەرۆكی دەستەی گەورە زانایانی سعودیە لە میاین وتارێكیدا رایگەیاند یادكردنەوەی رۆژی لەدایكبوون و بۆنەكانی دیكەی وەك یەكەم رۆژی ساڵی كۆچی و زایینی و نیوەی شەعبان و بەرات لەسەردەمی پێغەمبەر (د.خ) و خەلیفە راشیدەكان و سێ سەردەمە زێڕینەكەدا نەبوون كە پێغەمبەر  شایەتی باشیی ئەو سێ سەردەمەی داوە. كە مەبەست لێی سەردەمی هاوەڵان، شوێنكەوتووان و شوێنكەوتەی شوێنكەوتووانی هاوەڵانی پێغەمبەرە.

راشیگەیاند كە یادكردنەوەی مەولود بیدعەیەكە كە موسڵمانان تێیدا شوێن فارسە ئاگرپەرستەكان كەوتوون و كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییانەوە و وتی: گەورەترین مافدان بە پێغەمبەر بریتییە لە باوەڕپێهێنانی راستەقینە بەوەی كە بەندەو رەوانەكراوی خوای گەورەیە و كاركردنە بە سوننەتەكانی.

ساڵانە موسڵمانان لە 12ی رەبیعی یەكەمی ساڵی كۆچیدا یادی لەدایكبوون پێغەمبەر (د.خ) دەكەنەوە، بەڵام سەلەفییەكان ئەو یادكردنەوەیە بە بیدعە دەزانن و ساڵانە لەو كاتەدا ئەم مشتومڕە لە نێوان سەلەفییەكان و موسڵمانان بەگشتی سەرهەڵدەداتەوە.




AM:09:14:20/11/2018