ڕۆژ بە ڕۆژ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت، کە بووە هۆی ناڕەزایی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا ئەردۆغان چەندین جار جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە کە تێناگات بۆچی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە داعش هاوکاری هێزە کوردییەکان دەکات و پڕچەکیان دەکات.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفونییەکدا ئەردۆغان وتویەتی سوپای تورکیا بەهێزە و دەتوانێت پاشماوەکانی داعش لەناوبەرێت، و بە تێڕوانینی ترەمپ داعش تێکشکاوە ئیتر چی پێویست دەکات دوو هەزار سەربازی ئەو وڵاتە لە سوریابن؟
لە وەڵامدا ترەمپ وتویەتی "دەزانی چی؟ سوریا بۆ تۆ، من دەکشێمەوە".
بەپێی زانیاریەکانی رۆژنامەی حوڕیەتی تورکی ترەمپ لە پەیوەندیە تەلەفونییەکەدا پرسی کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ ئەردۆغان باسکردووە و لە وردەکاری ئاگاداری کردووەتەوە.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا سەرجەم هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە کە نزیکەی دوو هەزار سەربازن، ئەو بڕیارەش کاردانەوەی جیاوازی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لێکەوتەوە.