ئەمڕۆ مەحمود هاشمی شاهرودی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆچی دوایی كرد.
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویکردوەتەوە ئەمڕۆ شاهرودی بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و خراپە ژێر چاودێری وردی پزیشكییەوە، بەڵام دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
شاهرودی رۆژی 1ی كانوونی یەكەمی 1948 لە نەجەف لەدایك بووە ساڵی 1974 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركرا و لەسەرەتای ساڵانی هەشتاكانیشدا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق بوو كە ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی
شاهرودی مانگی ئابی ساڵی رابردوو، پاش كۆچی دوایی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی، لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕی ئیسلاامی ئێرانەوە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتی ئێران دەستنیشان كراو هەروەها سەرۆكی لیژنەی باڵای چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان دەسەڵاتەكانی ئێران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شارەزایان و ئەندامی لیژنەی پاراستنی دەستووری ئێران بوو.