ترەمپ و کیم جۆنگ ئون کۆدەبنەوە

سارا ساندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، بڕیارە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور جارێکی دیکە کۆببنەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەی کیم یۆنگ چوڵ دانوستانکاری باڵای کۆریای باکور لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا، وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، بڕیارە کۆتایی مانگی شوباتی داهاتوو دۆناڵد تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون کۆببنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەوەپێشبردنی پرسی داماڵینی کۆریای باکور لە چەکی ئەتۆمی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی نێوان نێردەی سەرۆکی کۆریای باکور و بەرپرسانی ئەمریکا بووە.

تائێستا بەوردی شوێن و کاتی کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەمریکا و کۆریای باکور ئاشکرانەکراوە بەڵام پێشتر ڤیەتنام ئامادەیی خۆی بۆ میوانداریی ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕیوە.

١٢ى حوزەیرانی ٢٠١٨، دۆناڵد تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون بۆ یەکەم جار و لە دیدارێکی مێژووییدا لە سەنگاپورە کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا هەردوولا تەئکیدیان لە هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى نوێ کردەوە و دۆناڵد تڕەمپیش ڕایگەیاند چەکە ئەتۆمییەکانى کۆریاى باکور بە خێرایی لەناودەبرێن.



AM:08:44:19/01/2019