سەرۆکی جەزائیر دەستلەکار دەکێشێتەوە

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆکی جەزائیر دوای ۱۹ لە سەرۆکایەتی بڕیاریدا دەستلەکار بکێشێتەوە.

سەرۆکایەتی جەزائیر، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆکی جەزائیر بەر لە کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ٢٨ی ئەم مانگەدا دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەیەک کە لە ئەمینداریەتی سەرۆکاتی کۆماری جەزائیرەوە دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات، دوای دەستنیشانکردنی حکومەتی نوێ لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩دا عەبدولعەزیز بوتەفلیقە لەبەر ڕۆشنایی دەستوردا چەند بڕیارێکی گرنگ دەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە مەبەستی دڵنیایی لە بەردەوامبوونی بەڕێوەچوونی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ماوەی حکومەتی کاتیدا، کە لەو کاتەوە دەستپێدەکات سەرۆک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکی جەزائیر بەر لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ٢٠١٩ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشدەکات.

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە تەمەنی ٨١ ساڵە و دەیەمین سەرۆکی جەزائیرە لەوەتەی سەربەخۆیی وەرگرتووە، بوتەفلیقە لە ساڵی ١٩٩٩وە لە پۆستی دەسەڵاتی وڵاتەکەیدایە و پۆستی وەزارەتی بەرگریشی لە ساڵی ٢٠٠٣وە بەدەستەوەیە، بەشێکی زۆری حزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە ڕەخنەی ئەوەیان هەیە، بەهۆی نەخۆشییەوە چیتر بوتەفلیقە ناتوانێت پۆستی سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرێت، بە تایبەت کە ماوەی چەندین ساڵە لەسەر کوردسییەکی جوڵاو هەڵسوکەوتی پێدەکرێت، بەشێوەیەک لە هەڵبژاردنی ڕابردووەوە ناتوانێت کارتی دەنگدانەکەی بخاتە سندوقەکەوە.




PM:07:41:01/04/2019