سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، شەوێك لەناكاو دەچنە رۆژهەڵاتی فورات لە سوریا و هەموو ئامادەکاریەکانیش لەوبارەیەوە کۆتایی هاتوە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورك بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ روسیا رایگەیاند، هەماهەنگیەكانیان لەگەڵ روسیا بەردەوامە و گەشتكردنی بێ ڤیزا لە ئەجێندای كارەكانی كۆبونەوەی داهاتوی نێوان خۆی و ڤلادیمیر پوتین دەبێت.
لەبارەی لێدوانەكانی ناتانیاهۆ سەبارەت بە جێگیركردنی جولەكە لە كەنارەكانی رۆژئاوا، ئەردۆغان رایگەیاند، هەمو كارەكانی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دژ بە یاسا نێودەوڵەتیەكانە، كەناراوەكانی رۆئاوا "بە دڵنیاییەوە" خاكی فەڵەستینە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئەنجامدانی پلانەكانیان لە رۆژهەڵاتی فورات وتی، "لە ئێستادا لە حاڵەتی ئامادەباشیداین و هەمو ئامادەکاریەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژهەڵاتی فورات تەواوبوە، لەم گەشتەشدا لەگەڵ ئەردۆغان باسی ئەو پرسە دەکەین".
رەجەب تەییب ئەردۆغان وتیشی، "رستەیەكی نهێنی هەیە، شەوێك لەناكاو بۆ ئەو شوێنەی كە پێویستە بێت بۆی بڕۆین، دەڕۆین".
سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی وڵاتەكەی ئەرۆدغان رایگەیاند، "پڕۆسەی دەنگدان كۆتاییهات و دوای ئەو پرۆسەیە كاتی بەئەنجامگەیاندنی دادوەریە، چاومان لەسەر تەواوبون و راگەیاندنی ئەنجامەكانە، هەرشتێك لە ئەنجامەكاندا بێت دەیخەینە سەر سەر و سەر چاومان".
ئەردۆغان ئەمڕۆ دوشەممە كۆبونەوەی لوتكە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا لە مۆسکۆ ئەنجامدەدات و لەبارەی ژمارەیەك دۆسیەی گرنگەوە گفتوگۆ دەکەن.
كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئەردۆغان و پوتین لەمساڵدا، بە سێیەمین كۆبونەوەی لوتكەی توركیا-روسیا هەژماردەكرێت و وا بڕیارە لەبارەی ژمارەیەك دۆسیەی گرنگەوە گفتوگۆبكرێت كە گرنگترینیان سوریایە.
پێشتریش یوری ئۆشاكۆف، یاریدەدەری سەرۆكی روسیا رایگەیاندبو، هەریەك لە سەرۆكی كۆماری توركیا و سەرۆكی وڵاتەكەی لەبارەی دۆخی ئێستای سوریاوە، بەتایبەتی سەبارەت بە پلانەكانی ئەمریكا و بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لەو وڵاتە گفتوگۆ دەكەن.
هاوكات لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان روسیا و توركیا سەبارەت بە دۆخی ئیدلیب و دۆسیەی پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات و رێككەوتننامەی موشەكی "ئێس-400" و بنیادنانی بۆری غاز بۆ توركیا گفتوگۆدەكرێت.