دەسەڵاتدارانی مەكسیك رایانگەیاندوە، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2019 زیاتر لە هەزار پەنابەر لە ناوەندەكانی دەستبەسەركردنی باشوری ئەو وڵاتە رایانكردوە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە زیاتر لە هەزار پەنابەر لە بنكەكانی دەستبەسەركردنی پەنابەران لە باشوری مەكسیك هەڵهاتون و ئاماژە بەوەكراوە بەهۆی زۆری ژمارەی پەنابەرانەوە سامانی وڵاتەكە لە رۆچوندایە.
دوابەدوای ئەو روداوە، لە راگەیندراوێكدا دامەزراوەی نیشتیمانی تایبەت بە پەنابەران لە مەكسیك رایگەیاند، زیاتر لە نیوەی ئەو پەنابەرە هەڵهاتوانە كە ژمارەیان 1300 كەسە پاش ماوەیەك گەڕاونەتەوە ناوەندی "سیجلو" لە شاری تاباچولا، بەڵام تا ئێستا 600 كەس لەو هەڵهاتوانە نەگەڕاونەتەوە و بە هەڵهاتو هەژماردەكرێن.
دامەزراوەی نیشتیمانی تایبەت بە پەنابەران ئاماژەی بەوەشكردوە، ژمارەی پەنابەرانی وڵاتی كوبا زۆرینەی پەنابەرانی ئەو ناوەندە پێكدەهێنن و هەر ئەوانیش بەرپرسیاری سەرەكی ئەو پرۆسەیەن كە رویداوە.
هاوكات رۆژنامەی ریفۆرما-ی مەكسیك رایگەیاندوە، لەناو پەنابەرە هەڵهاتوەكاندا هاوڵاتیانی هەریەك لە وڵاتانی هایتی و ئەمریكای ناوەند هەیە.
ئەوە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی مەكسیك رایانگەیاندوە، لەژێر فشارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ راگرتنی پەنابەران لە چونە ژورەوەیان بۆ ناو ئەمریكا لەرێگەی سنوری نێوان مەكسیك و ئەو وڵاتەوە، حكومەتی مەكسیك لەماوەی 13 رۆژدا 15 هەزار پەنابەری گەڕاندوەتەوە.
چوارشەممەی رابرو 24ی نیسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەرەشەكانی دوپاتكردەوە و رایگەیاند، لە ئەگەری رێگرینەكردن لەو پەنابەرانەی لە مەكسیكەوە دزەدەكەنە ناو وڵاتەكەی، بەشێك لە ناوچە سنوریەكانی نێوان مەكسیك و وڵاتەكەی دادەخات