بەشێك لە سوپای ڤەنزوێلا پشتگیریی خۆی بۆ سەرۆكی پەرلەمان راگەیاند و لەئێستادا لەگەڵ گروپێكی دیكەی سوپا لە ڕووبەڕووبونەوەدان.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2019، خوان گوایدۆ، سەرۆكی پەرلەمان و سەركردەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا، لە گرتە ڤیدیۆیەكی سێ خولەكیدا داوا لە سەرجەم ھێزە چەكدارەكان دەكات لە دژی نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆك، شۆڕش بكەن بچنە پاڵ ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، كە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل و دەستوور دەكات.
خوان گوایدۆ لە پەیامەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەو ھێزە چەكدارانەی ئێستا لە ناو شارەكاندا بڵاوەیان پێكراوە، پارێزەری خەڵك و دەستوور دەبن.
هاوكات وەزیری زانیارییەكانی ڤەنزوێلا كە لایەنگری مادۆرۆیە، ڕایگەیاندووە، كە ئەوان بە سەختی ئەم ھەوڵەی كودەتاچییەكان، كە گرووپێكی بچووكن لە ناو سوپا، سەركوت دەكەن.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە ڕۆژێك پێش ڕێپێوانێكی سەرتاسەری دێت، كە ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا ڕێكی خستووە و ئامانج لێی گوشار خستنە سەر حكومەتەكەی مادۆرۆیە بۆ وازهێنان لە دەسەڵات، دێت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23ی كانونی دووەم 2019، خوان گوایدۆ، سەرۆكی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەك سەرۆكی وڵاتەكەی بە وەكالەت ناساند و رایگەیاند، نیكۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆكایەتیی وڵات ناكات.
تا ئێستا وڵاتانی ئەمریكا، رێكخراوی وڵاتانی ئەمریكا، بەرازیل، پاراگوای، كۆڵۆمبیا، كەنەدا، پیرۆ، یەكێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، سوید، نەمسا و دانیمارك پشتگیریی خوان گوایدۆ دەكەن و وڵاتانی مەكسیك، كوبا، رووسیا، توركیا و ئێرانیش تەنیا نیكۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆك دەزانن.