بیناڵی یەڵدرم پیرۆزبایی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغلو دەكات

 بینالی یەلدرم كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كاندیدی جەهەپە کرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکانی ئیستەنبول.

هەرچەندە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا بە تەواوی جیا نەكراوەتەوە، بەڵام  بینالی یەلدرم كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان پیرۆزبایی لە ئیمام ئۆغلۆ كاندیدی جەهەپە کرد و رایگەیاند"لە ئێستەدا رکابەرەکەم ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە پێشەوەیە، پیرۆزبایی لێ دەکەم، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم".

بەپێی میدیاکانی تورکیا له‌ كۆی له‌ سه‌دا 96.63ی سندووقه‌ كراوه‌كان، كاندیدی هاوپه‌یمانی میلله‌ت، ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵۆ له‌ سه‌دا 53.78ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌. 
له‌ به‌رامبه‌ردا كاندیدی هاوپه‌یمانیی كۆماری، بن عه‌لی یه‌ڵدرم، له‌ سه‌دا 45.30ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌. 

لە کاتژمێری هەشتی بەیانیی ئەمڕۆوە بە کاتی تورکیا، پرۆسەی دەنگدان بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی شارەوانی ئیستەنیۆڵ دەستیپێکرد و، لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ  كۆتایی هات و  دەستکرا بە جیاكردنەوەی دەنگەكان.

بە هۆی ناڕەزایی ئاكپارتیی دەسەڵاتداری توركیا لە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ، دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی رەت کردەوە، کە لە 31ی ئاداری رابردوو ئەنجام درابوو، بڕیاری دابوو ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكە دووبارە بكرێتەوە.




PM:07:47:23/06/2019